کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی خوێندکاریی کورد بە زیندان مەحکووم کرا

14:49 - 12 رەزبەر 2713

کودستان میدیا: چوار چالاکی خوێندکاری و مەدەنیی کورد لە شاری مەریوان لە تۆمەتەکانیان بەری کران و چالاکێکی دیکەش بە زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.


ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە ١٠ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، چالاکێکی مەدەنی و خوێندکاریی کوردی بەناوی \'\'محەممەد کۆنەپۆشی\'\' بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٥ ساڵ مەحکووم کرد.
هەر لەو دادگایەدا ٤ چالاکی دیکەش بەناوکانی \'\'سۆران دانیشوەر، داوود قەسیمی، سامان مەحموودی و خالید ئەحمەدی\'\' کەبە تۆمەتی \'\'پێوەندی لەگەڵ حیزبی کوردیی ئوپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران و هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' دەسبەسەر کرابوون، تۆمەتەکەیان لەسەر لابرا و ئازاد کران.
دانیشتنی دادگایی کردنی ئەو ٥ چالاکە کوردە، لە لقی یەکی دادگای ئیقلابی شاری مەریوان بەڕێوەچوو، کە تۆمەتباران توانییان بە بێ داواگر (وکیل) بە هێنانەوەی بەڵگە، بەرگری لەخۆیان بکەن.
ساڵی رابردوو سۆران دانیشوەر، داوود قەسیمی، سامان مەحموودی، خالید ئەحمەدی و محەممەد کۆنەپۆشی، لە رێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە دەسبەسەر کران و پاش یەک مانگ راگیران لە رێکەوتی ١٢ی رەشەمە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کران.