کوردستان 09:07 - 31/08/2018

(31)ی ئاب چی رویدا؟

+ -

(سبەی):
ئەمڕۆ (22) ساڵ بەسەر روداوی (31)ی ئابدا تێپەڕی، رۆژی (31) ی ئابی ساڵی (1996) لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شاری هەولێری كۆنترۆڵكرد، بۆ گرتنەوەی ئەو شارە پارتی دیموكراتی كوردستان پەنای بردە بەر سەددام حسێنی سەرۆكی رژێمی پێشوی عێراق‌و بە یارمەتی سوپای ئەوكاتی عێراق هەولێری گرتەوە.

کاتێک کە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی گەشتە لوتکە، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەلاداخستنی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی، پەنای بردە بەر سوپای عێراق و بە هاوکاری ئەو سوپایە هەولێر و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی خستە ژێردەستی خۆیەوە.

شەوی (31)ی ئابی ساڵی (1996)، هێزەکانی گاردی کۆماری تۆپبارانی ناوچەی قوشتەپەی  نزیک لە هەولێر دەکەن، کە ئەوەش سەرەتای دەسپێکردنی هێرشە بەرفراوانەکە بو، هاوکات بە پێی لێدوانی راگەیاندنەکانی یەکێتی، هەردو فەیلەقی یەک و پێنجی گاردی کۆماری و هێزی ئاسمانی عێراق لە شەڕەکەدا بەشداربون، تانکەکانی گاردی کۆماری بەغداش کە بە هێزەکانی عەدنانی گاردی کۆماری ناسرابون بەشداربون، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی بە کۆپتەری جەنگی بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەکرا.

هێرشەکە بە شێوەیەک پلانی بۆ دانرابو، لە هەمولایەکەوە پەلاماری هێزەکانی یەکێتی بدرێت و تەنها رێگەیەکیان بۆ بکرێتەوە تا لێوەی دەرچن، کە ئەو رێگەیەش باداوە بو بە روی دەشتی کۆیەدا.

رژێمی بەعس لە چەند قۆڵێکەوە هێرشەکەی ئەنجامدا، قۆڵی یەکەم لە جادەی سەرەکی هەولێر بە روی ئۆردوگای قوشتەپەدا، لەوێوە بەرەو باکوری هەولێر و ئۆردوگای کەسنەزان و دارەتو، قۆڵی دوەم لە رێگەی دیبەگەوە بەرەو ناوشاری هەولێر، قۆڵی سێیەم لە گوێڕەوە بەرەو کانی قرژاڵە و دواتر ناو هەولێر، قۆڵی چوارەم بە دو ئاراستەدا بو، یەکەمیان لە جادەی موسڵەوە بەرەو ناو هەولێر، ئاراستەی دوەم لە هەمان رێگەوە بەرەو پشتی عەنکاوە.

پاش تەنها شەو و رۆژێکیش، هێزەکانی بەعس توانییان هەولێر و دەوروبەری بگرن و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە بێ تەقە بێنەوە ناو هەولێر.

بە پێی لێدوانی شایەتحاڵێکیش کە بەشداری شەڕەکەی کردوە، لەو رۆژەدا پەرلەمانی کوردستان ناونرابو گەراجی دەبابە، هاوکات کوڕ ئەو کوڕە بوە تاڵانی بکات.

بەڵگەنامەکان: لە (31)ی ئابدا، پارتی تاڵانی لە هەولێریشدا کردوە
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی، دەزگای گشتی هەواڵگری سەربازی عێراق کە ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆماری ئەوکاتەیان کردوە، تێدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات لەماوەی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لە رۆژی (31)ی ئابدا و ئەوەش دەخاتەڕو، کە چەکدارەکانی مەسعود بارزانی دەستیان بەسەر ماڵ و کەلوپەلی هاوڵاتیاندا گرتوە و تاڵانیان کردوە.

بەپێی یەکێک لە بەڵگەنامەکان کە لە رێککەوتی (1ی ئەیلولی 1996) لەرێگەی دەزگای گشتی هەواڵگری سەربازی عێراقەوە ئاراستەی نوسینگەی سکرتاریەتی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە، ئاماژە بەوە دەکات، چەکدارەکانی مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر هەڵمەتی پشکنینیان دەستپێکردوە لەنێو ماڵ و باڵەخانەکاندا و بەدوای ئەو ناوچانەدا گەڕاون، کە یەکێتی وەکو بارەگا بەکاری هێناون.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕو، چەکدارەکانی مەسعود بارزانی دەستیانگرتوە بەسەر کەلوپەل و شمەکەکانی هاوڵاتیان و تاڵانکردنی کۆگای بارەگای چەندین رێکخراو، کە وەک باسی دەکات، رێکخراوی خێرخوازی و مرۆیین.